یکی تیشە بگیرید پی حفرە زندان
چو زندان بشکستید همە شاە و امیرید
مولانا
ئەمرۆ لەسەردەمی زانست و تەکنەلۆجیا و پێگەیشتن بە لووتکەی کەرەستەکانی ژیان، مەخابن! مرۆڤ بەگشتی و باوەڕدار بەتایبەتی تووشی داڕمانی ڕوح و شڵەژانی مەعنەوی بووە، بەجۆرێک دوورییەکی تاقەت‌پڕووکێن و بەڵگەنەویست بوونی هەیە لە نێوان مرۆڤ و خوای گەورە و بێهاوتا، هەرچەندە ئەم دابڕانە لە نێوان هۆگر و خۆشەویستدا هەیە، بەڵام دەتوانرێت ئەم دوورییە بە هەنگاونانی ژیرانە لاببرێت. لێرە هۆگر بەهۆی چڕی خۆشەویستی و بیرکردنێکی قووڵ لە خۆشەویست، ئەوجار خۆشەویست لێی نزیک دەبێتەوە، واتە: ڕێگەی نزیکی دەدۆزێتەوە و تەنانەت دەگاتە بوونی خۆشەویستەکە و دەتوانێت لە دونیادا بە چاوی دڵ و لە قیامەتدا بە چاوی سەر بینەری ئەو بێت.
لە پێوەندی لەگەڵ خۆشەویستیدا پرسی جوانی و چاکە دەهێنرێتە ئاراوە و لەڕاستیدا خۆشەویست لە شکۆ و گەورەیی کە لە خودادا هەیە بە تامەزرۆییەوە لە لووتکەی دڵخوازی بەرانبەر بە لووتفی پەروەرێن دڵی دادەمەزرێ، شەوق و ئەوینی ئەوە لە دڵی هۆگر گەشە دەکات تاکوو ئەم قۆناغە ببینێ و ئەزموونی کات لە کاتێکدا لە پێوەندی لەگەڵ بەندایەتی، جوانی، نزیکی، مرۆڤایەتی و سۆز و تامەزرۆیی بۆ جوانی و چاکە نایەتە هەژمار.
لەڕاستیدا خۆشەویستی خاوەنی هێندێک تایبەتمەندییە کە کەسی هۆگر بەهۆی ڕەوشت و کارتێکەری ئەخلاقی خۆشەویست خوو دەگرێ و بەم شێوەیەش دەبێتە هۆی لابردنی دووری نێوان هۆگر و خۆشەویست و دواجاریش لە پەیوەندی نێوان هۆگر و خۆشەویستدا، خۆشەویست، دەتوانرێت جێگەی بگرێتەوە؛ هەندێک جار مرۆڤ هۆگرە و خودا خۆشەویست و هەندێک جار ئەم دۆخە پێچەوانە دەبێتەوە. "خۆشی دەوێن" باس لە خۆشەویستی مرۆڤ دەکات و "خۆشی دەوێت" باسی خۆشەویستییەکەی دەکات.
هەر لەبەر ئەمەشە شێخ بایەزید بەستامی دەڵێت: چەند جارێک بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەوم دەوێت؛ سەرەتا ئەو بوو کە منی دەویست. یان ئەبولحەسەن خەرقانی دەڵێت: هەندێک جار [من] ئەبولحەسەنی ئەوم، هەندێک جار ئەو ئەبولحەسەنی منە.
پەروەرێنی بێهاوتا ئەویندارێکی بێوێنەیە بەجۆرێک کە لەگەڵ گرینگی پێنەدانی دڵداڕ و وازهێنانی ماندوو نابێ و بەردەوام تا دوا هەناسەی دڵداری هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوە سرنجی بۆلای خۆی ڕاکێشێ؛ واتە: تەنیا بە ئاوڕدانەوەیەکی دوودڵی و ئاسایی دڵدار، زیاتر هۆگری دەبێت و دەرگای ئەوینی خۆی لەسەر داناخات... لەم سەفەرەدا، ئەوە ڕێبوار نییە کە دەجووڵێت بەڵکوو ڕووگەی ڕێگەیە. عاریف و ڕێڕەو خۆی سەنتەرە و نهێنی سەرکەوتن ئەوەیە کە لەگەڵ هیچ جوڵێنەرێکدا ناجووڵێت. مرۆڤ لە جەستەیدا بەندکراوە و گەورەترین پەردەی نێوان ئەو و خودا ئەم جەستەیە. بۆیە گەورەترین هەوڵی کەسی سۆفی ئەوەیە کە ئەو جەوهەرە ئاسمانییە لە زیندانی جەستە دەرباز کات و حەفتا هەزار پەردە لاببەن و یەکبخەن و بیبەستنەوە بە ڕاستی ڕەها لە کاتێکدا لەم جەستەیەدایە. لەم ڕێگەیدا عاریف ئەوینی بێ مانا دەگۆڕێ بۆ مانا.
بێگومان بڕینی ڕاستەڕێی مەنزڵگەی مەعنەوی لە ڕێگەی بیستن و خوێندنەوە ئەستەمە و نالوێ، واتە: ڕاستی تام و چێژی ئەم دۆزە کەسانێک هەستی پێ دەکەن کە پێچەوانەی ئەو ڕێگایە کۆمەڵێک تاڵی و خەفەت و ناخۆشی ڕوح، هاوڕێ لەگەڵ دڵڕەقی لەناو ژیان تاقیکردبێتەوە و دواتر دۆخێکی ئارام بەپێی چۆنییەتی پێشهاتەکانی ژیانی ئەزموون کردبێت و دواجار کاریگەری بنوێنێ لەناو قۆناغەکانی تەمەنی. بەرزترین پلەی پێگەیشتنی مرۆڤ ئەوەیە ئاشنابیتەوە لەگەڵ خۆی و ببێتە چارەسەرکەرێک بۆ خۆی.
وەک دەوترێت: ئەوەی نەبێتە ڕووناکی بۆ خۆی، هەموو ڕووناکییەکانی جیهان ناتوانن یارمەتی بدەن! عاریف خۆی ئامانجە و هەموو گەردوون دەستی ناوەتەدەستی یەک، بۆ ئەوەی بەختەوەر و سەرفرازی بکات، بۆیە تۆ تەنیا بمێنیتەوە و لە تیراوێژی ڕووداوەکان ڕاناکەیت. کاتێک لە هەموو ساتەکانی ژیانت لە سەبر، چاودێری، بێدەنگی بەسەر دەچێت، هەبوونی ڕەها دێتە گڕوگاڵ، ڕێزدار و گەورە دەبیت، تەسلیم دەبیت و گەردوون و نووقمی دڵخۆشی و ڕەزامەندییەکی سەرسووڕهێنەرت دەکات.
لەڕاستیدا مرۆڤ پێی وایە ئەگەر بتوانێ شوێنی نیشتەجێبوونی بگۆڕێ یان کۆمەڵێک خەڵکی نوێ و جیاواز لە دەورووبەری هەبێت، یان کارەکەی بگۆڕێ و پشوو بدات، ئەوا لە کێشە و ئازارەکانی ژیان دەربازی دەبێت. مەخابن! لەبیرمان دەچێت لە هەر شوێنێک ژیان تێپەڕ کەین و هەناسە بدەین، ئەوە خودی خۆمان لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین و هیچ دەربازبوونێک نییە لەوەی کە کێین. ئەگەر لە پاریس کەسێکی خەمۆک بین بێگومان لە شاری نیۆیۆرک بەهەمان شێوە مرۆڤێکی خەمۆک دەبین. ئەگەر لە ئێران هەست بە تەنیایی بکەین، لە وڵاتێکی تر، ڕۆژهەڵات یان ڕۆژاوا هەر شوێنێکی تر هەمان هەستمان دەبێت.
کاتێک بیر و هزر و تێڕوانینی خۆمان دەگۆڕین، ڕەنگە بۆ ماوەیەک دۆخەکە باشتر بێت، هەرچەندە بە ناچاری دووبارە ڕووبەڕووی هەمان هەڵسوکەوت دەبینەوە یان هەمان کەموکوڕییەکان دەبینەوە، بەڵام هەمان ڕوانگە و هەمان هەست هەڵدەگرین. هەر وەها ئەم دۆخە کاتێک باس لە دۆزینەوەی خۆشەویستی نوێ دەکرێت دەگرێتەوە. بەو بڕوایەی کە هەست دەکەی هەڵبژاردەیەکی دروستمان نەکردووە، موسیقا بێدەنگ دەکەی و بەشداری کۆڕی دانیشتنی هاوڕێ تازە دەبین. ڕەنگە بۆ ماوەیەک دڵخۆش بین، بەڵام ئێمە ترس و پرس و سنووردارکردنی خۆمان دەهێنینە ناو هەموو پەیوەندییەکەوە، بۆیە زۆر ناخەیەنێت خۆمان دەبینینەوە لەو شوێنەی کە دەستمان پێکردبوو، نیگەرانین، ناڕازی و بەدوای شتێکی زیاتردا دەگەڕێین.لەم ڕۆژانەدا جیابوونەوە ئەوەندە ئاسانە، وا دیارە هیچ هەوڵێکی ناخایەنێت، بۆیە ئاسانترە تەنیا بڕۆینە پێشەوە و جارێکی دیکە بەختی خۆمان تاقی بکەینەوە. ئەگەر بەڕاستی بە پابەندبوون و ڕەزامەندی قووڵەوە بەدوای ئەو خۆشەویستییە بەردەوامەدا دەگەڕێین کە هەموومان دەڵێین بەدوایدا دەگەڕێین، تەنیا یەک ڕێگە هەیە بۆ بەدەستهێنانی: دەبێت گۆڕانکارییەکە لەناو خۆماندا دروست بکەین و ڕێگەیەکی تر بۆ گەیشتن بەم ئاستە بوونی نییە.
درێژەی هەیە....